کۆڕێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی " سوور و ڕه‌ش"
پێشه‌کی:
هانری بێیل مه‌شهوور به ستاندال ، ساڵی 1783 له گرۆنۆبلی فه‌ڕانسه له‌دایک بوو .
له هه‌ڤده ساڵیدا چوو بۆ پاریس . ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌و چووه پاریس ڕووداوێکی گه‌وره ڕووی دا ؛ نۆی نوامبری 1799 بوو که ناپێلئۆن به یارمه‌تی لایه‌نگرانی له ئاکامی کووده‌تایه‌ک که به کووده‌تای هه‌ژده‌ی برۆمێر ناسراوه ، بوو به ده‌سه‌ڵاتداری فه‌ڕانسه . ئه‌و ڕووداوه شوێنێکی به‌رچاوی له سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی ستاندال دانا که له ده‌ست تونده ته‌بێعه‌تی باوکی و شارۆچکه نشێنی وه‌زاڵه هاتبوو .
1814تا 1821 چوو بۆ میلان ؛ له‌وێ چه‌ندین به‌رهه‌می وه‌کوو ژیانی ناپێلئۆن ، مێژووی نه‌ققاشی له ئیتالیا و ژیانی هایدێن و موتسارت و... نووسی . 1821 پۆلیس به تاوانی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئازادیخوازانی ئه‌وێ ده‌ری کرد و ستاندال رۆیشته‌وه بۆ پاریس ...
ساڵی 1830له ته‌مه‌نی چل و حه‌وت ساڵیدا رۆمانی " سوور و ه‌ش"ی نووسی . ستاندال که خوێنه‌ری هه‌میشه‌ی گۆڤاری "هه‌واڵه‌کانی دادگا" بوو ؛ خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی یه‌ک دوو لاپه‌ڕه‌یی لاوێک به نێوی بێرتێ هانی دا رۆمانی "سوور و ڕه‌ش" بنووسێ .
بێرتێ لاوێکی لادێیی بوو که دوای خوێندن ببوو به له‌له‌ی منداڵانی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ندێک . له‌گه‌ڵ ژنی خاوه‌ن ماڵه‌که‌ی ده‌که‌وێته کیشه و دوایی ده‌ری ده‌که‌ن و دوای ئه‌و ڕووداوه چه‌ندین جاری دیکه‌ش له سه‌ر کار ده‌رده‌کرێ وبێکار ده‌مێنێته‌وه . بێرتێ که ئه‌و ژنه‌ی به تاوانباری ناله‌باریی ژیانی خۆی ده‌زانێ ، بڕیار ده‌دا ئه‌و ژنه بکووژێ و خۆشی بکووژێ . له‌و ڕووداوه‌دا که له کلیسایه‌ک ڕووی دا نه ژنه‌که کوژرا و نه توانی خۆی بکووژێ ! داداگایی کردنی بێرتێ به تاوانی "قه‌ستی کوشتن له کلیسا" دا زۆری ده‌نگ داوه و سێ ساڵی پێچوو و له ئاکامدا به له دار دان به گییووتین سزای بۆ بڕاوه و له هه‌موو شتێک سه‌یرتر ئه‌وه بوو که بێرتێ له به‌رانبه‌ر ئه‌و سزایه‌دا ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕی و داوای پێداچوونه‌وه و لێ‌خۆش بوونی نه‌کرد .
دواتر بێرتێ له رۆمانی 'سوور و ڕه‌ش'دا بوو به ژولیه‌ن سۆرێل . به‌ڵام زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه که ژولیه‌ن سۆرێل بێرتێ یه‌که ، که زۆربه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی تاکه‌که‌سیی ستاندالی تێدایه ...
ستاندال دوای "سوور و ڕه‌ش" چه‌ندین رۆمانی دیکه‌ی وه‌ک "لامیل" و "په‌رستگه‌ی پارم"ی نووسی ؛ دوو رۆمانی "سور وڕه‌ش" و "په‌رستگه‌ی پارم" له به‌رهه‌مه شاکار و به‌هێزه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی جیهانین . ستاندال 1842 مرد...
ئێمه له کۆڕی ئه‌مجاره‌ماندا باسی رۆمانی "سوور و ڕه‌ش" ده‌که‌ین . به‌هیوای ئه‌وه‌ی به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کۆڕه هه‌ست به‌وه نه‌که‌ن کاتتان به فیڕۆ چووه …
ڕوانه

سه‌یدقادرهیدایه‌تی:
قسه‌کانم به وته‌یه‌کی ستاندال ده‌ست پێ ده‌که‌م :" ئه‌گه‌ر ڕسته‌کانم ڕوون نه‌بن ، ته‌واوی جیهانم خاپوور ده‌بێ ." ستاندال ئه‌م قسه‌یه‌ی له نامه‌یه‌کدا بۆ باڵزاک نووسیوه و هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ده‌ڵێ " من ته‌نیا شێوازێك ده‌ناسم ؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که شێواز (ستایل/سبک) هه‌رچه‌ندی ساده و رۆشن تر بێ دیسانیش هه‌ر که‌مه ..." هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چاوبگرین که ئه‌و قسانه‌ی ستاندال کاتێک مانای واقعی خۆیان باشتر ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وه بزانین له سه‌رده‌می ستاندالدا شێوازێكی نووسین له فه‌ڕانسه باو بوو که زیاتر گرینگیی به ڕواڵه‌تی قسه ده‌دا و زۆرتر پێداگریی له سه‌ر ڕازندنه‌وه‌ی نه‌سر ده‌کرد . ئاڵاهه‌ڵگریی ئه‌و نه‌سره ده‌سکرد و ڕازاوه‌یه ، شاتووبریان بوو که له نێو نووسه‌ره لاوه‌کاندا لایه‌نگری زۆر بوو . ستاندال به‌و شێوه نه‌سره جوانکراو و ڕازاوه‌یه زۆر قه‌ڵس بوو ؛ نووسه‌ری ئه‌و نوسراوانه‌ی به تازه پێداکه‌وتوو(نوکیسه) ده‌زانی و له به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌دا به‌و جۆره هه‌ڵوێستی گرت و نه‌سرێکی ساده و ره‌وانی به‌دی هێنا . به جۆرێک که وشه‌کان به دووربن له ڕازاندنه‌وه و سڵسڵه و پڵپڵه هه‌ڵواسین . ئه‌و لایه‌نگری ڕسته‌ی ساکار و ڕوون بوو؛ پێی وابوو که شته‌کان ده‌بێ هه‌ر به‌و جۆره‌ی هه‌ن بنوێندرێن .
نه‌سری ساکار و ڕه‌وانی ستاندال هاوڕێژه‌یی( ته‌ناسوب) و هاوهه‌نگاوییه‌کی سه‌یری له گه‌ڵ عه‌قڵ باوه‌ڕی و ته‌نانه‌ت جۆرێک فه‌لسه‌فه‌ی پۆزیتویستی هه‌یه . به‌و مانایه که ستاندال پێی وایه که شته‌کان هه‌ر به‌و جۆره‌ی هه‌ن به بێ هیچ ڕازاندنه‌وه‌یه‌ک نیشانی خوێنه‌ر بدرێن . له‌م بۆچوونه‌دا که بۆچوونێکی سه‌ره‌کی ستانداله ده‌نگی عه‌ینی باوه‌ڕییه‌کی پۆزێتویستی ده‌بیسترێ . ئه‌وه‌ش زۆر ئاگایانه‌یه ، چونکه ستاندال دژی هه‌ر جۆره ئیدئالیسمێکی ئاڵمانی بوو . هه‌ر بۆیه ئێمه ڕازاندنه‌وه و فانتێزی بوون و خه‌یاڵی بوون و زیاده‌ڕه‌وی له‌و رۆمانه‌دا زۆر که‌م ده‌بینین ؛ واقع نوێنییه‌کی که خۆی پێی وابوو ده‌بێ به جۆرێک بێ که ده‌سکاریی حه‌قیقه‌ت نه‌کرێ . له‌م ستایله‌ی ستاندالدا واقع نوێنی به جۆرێک ره‌وایه‌ت ده‌کرێ که به لێهاتوویی و توانایی تاکه‌که‌سی ستاندال له به‌ستێنێکی به‌ربڵاوی مێژوویی‌دا به ناخی که‌سایه‌تییدا ڕۆده‌چی .
لێره‌وه ده‌چمه سه‌ر بابه‌تێکی گرینگ که به بۆ چوونی من گه‌وره‌ترین ده‌لیلی شاکار بوون وبه‌هێز بوونی ئه‌م رۆمانه له پێناوی ئه‌و بابه‌ته‌دایه . ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌م رۆمانه له خۆگری چه‌ند لایه‌نییه‌که که به ڕواڵه‌ت پێکه‌وه دژواز(پارادۆکس)ن و هه‌ر ئه‌و دژوازییانه بۆنه‌ته هۆی به هێز بوونی رۆمانه‌که و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هاوچه‌رخانه‌یان پێ به‌خشیوه . یه‌کێک له‌و دژوازییانه ئه‌وه‌یه که ئه‌م رۆمانه له باری شێوازی نواندن و نووسینی نه‌سره‌وه له سه‌ر جۆرێک پۆزێتویسم و عه‌قڵ باوه‌ڕی پێداگره ، به‌ڵام له باری ڕه‌وانی و عاتفییه‌وه که‌سایه‌تییه‌کان رۆمانتیکن . دیاره عه‌قڵ باوه‌ڕییه‌کی پۆزیتویستییانه زۆر له گه‌ڵ رۆمانتیسمدا کۆک نین . ده‌توانین بڵێین له سه‌رتاسه‌ری رۆمانه‌که‌دا شه‌ڕی دو‌وانه لێک دژه‌کان ده‌بینین : شه‌ڕی دوو هێزی رێئالیسم و رۆمانتیسم پێکه‌وه؛ شه‌ڕی عه‌قڵ باوه‌ڕی وعه‌قڵ به‌ره‌نگاری(عقل ستیزی)پێکه‌وه ؛ شه‌ڕی واقعیه‌ت وخه‌یاڵ پێکه‌وه ، شه‌ڕی ماکیاویلسم و رۆسۆویسم پێکه‌وه ؛ شه‌ڕی ئه‌وین و ڕق پێکه‌وه ...
بۆ وێنه که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که "ژولیه‌ن سۆرێل" ، که‌سێکه که له ڕووی عه‌قڵ و ئاوه‌زه‌وه له چینی خوارێی کۆمه‌ڵگاوه سه‌ر هه‌ڵده‌دا و به درێژه‌پێدان به خوێندن دێته نێو چینی ئه‌شرافی فه‌رانسه‌وه ، به‌ڵام له‌وێ بۆ سه‌رکه‌وتنی خۆی و تێکشکاندنی ئه‌و چینه (طبقه) له لایه‌که‌وه به زیره‌کی و وریاییه‌کی ماکیاویلیستییانه‌وه زۆر له ڕووی عه‌قڵ و تێگه‌یشتووییه‌وه ده‌جووڵێته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌وه زۆر رۆمانتیستانه پێش بۆ نه‌وس و ویست و ڕق و بێزارییه‌کانی خۆی به‌ره‌ڵا ده‌کا . گونجاندنی ئه‌و بابه‌ته لێک دژانه بۆته هۆی چه‌ند لایه‌نه بوون و پێچه‌ڵاوپێچییه‌کی تایبه‌تی به‌دی هێناوه ...
جه‌ماڵ خوسره‌وی :
ببووره ! ده‌توانی نموونه‌یه‌کی به‌رچاو(عه‌ینی) له رۆمانه‌که ده‌ست نیشان بکه‌ی که رۆمانتیک بوونی که‌سایه‌تییه‌کان نیشان بدا ؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که کام کرده‌وه یان هه‌ڵس و که‌وتی که‌سایه‌تییه‌کان رۆمانتیستییه ؟
سه‌یدقادرهیدایه‌تی :
ئێمه ده‌زانین که سه‌ره‌کی ترین پێناسه‌ی رۆمانتیسته‌کان بۆ ناسینی که‌سایه‌تییه‌کی رۆمانتیست ئه‌وه بوو که کرده‌وه و ڕه‌فتاره‌کانی پێشبینی نه‌کرێن ؛ ئه‌وان پێیان وابوو که ئیراده و ویستی مرۆڤ ئازاد و چاوه‌ڕوان نه‌کراوه . ژولیه‌ن سۆرێل له لایه‌که‌وه زۆر به زیره‌کی و وریاییه‌وه تێده‌کۆشی گه‌شه به که‌سایه‌تی خۆی که ده‌زانێ که‌سێک بووه دێهاتی و له چینێکی ژێرده‌سته‌وه هاتووه بدا ، به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا گیرۆده‌ی سه‌ر لێشێواوییه ؛ له ئه‌ویندا که‌سێکی دۆڕاوه و له نه‌هایه‌تدا سه‌ر ناکه‌وێ .
وێنه‌یه‌کی ڕوونتر ئه‌و کاته‌یه که ژولیه‌ن دوای ئه‌وینی مادام دۆرێنال عاشقی ماتیلد بووه ؛ کچه ئه‌شرافێک که هه‌موو لاوان و پیاوانی ئه‌شڕاف بۆی به تاسه‌وه‌ن . جودا له ئه‌وینی ماتیلد ،باوکی ماتیلد نازناوێکی زۆر گه‌وره‌ی به ژولیه‌ن داوه ، ژولیه‌ن به عاشق بوونی ماتیلد له باری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر زوو به هه‌موو مه‌به‌سته‌کانی ده‌گا. جوانترین هاوسه‌ر له چینی ئه‌شراف ، باشترین شوغڵ و پیشه ؛ پێگه‌یه‌کی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی و... له وه‌ها حاڵه‌تێکدا که به هه‌موو ئاواته‌کانی گه‌یشتووه ، دڵداره‌که‌ی پێشووی ژولیه‌ن ، یانی خانمی دۆرێنال نامه‌یه‌ک بۆ باوکی ماتیلد ده‌نووسێ و هه‌موو خه‌ونه‌که‌ی ژولیه‌ن به‌تاڵ ده‌کاته‌وه . تێیدا ده‌نووسێ که باوه‌ڕ به ژولیه‌ن مه‌که‌ن ئه‌و که‌سێکه که بۆ سه‌رکه‌وتنی خۆی هه‌موو شتێک ژێر پێ ده‌خا و ده‌یهه‌وێ بۆ گه‌یشتن به پێگه‌یه‌کی به‌رز ، ئێوه بکاته پێ پلیکان ! ژولیه‌ن دوای ئه‌و نامه‌یه کوت و پڕ هه‌ڵده‌ستێ ده‌مانچه‌یه‌ک ده‌کڕێ و ده‌ڕوا له وێریێر به قه‌ستی کوشتن ته‌قه له خانمی دۆرێنال ده‌کا و... ئه‌و کرده‌وه‌یه، کرده‌وه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره بوو ؛ به جۆرێک که زۆرێک له ڕه‌خنه‌گره سوننه‌تییه‌کان پێیانوایه که ستاندال ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ی درێژه پێ بدا ئه‌و کاره‌ی کردووه ؛ به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه ئه‌و کاره نیشان ده‌دا که ستاندال زۆر وریایانه ده‌ستی له سه‌ر ئه‌و خاڵه داناوه که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی نه‌ناسراو و پێچه‌ڵاوپێچه که ئاکار و ڕه‌فتاره‌کانی پێشبینی ناکرێ و ئیراده و ویستی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ئازاده . پێداگریی له سه‌ر ئیراده‌ی ئازادی به‌شه‌ر و پێشبینی نه‌کراوی ره‌فتاره‌کانی ، تایبه‌تمه‌ندی رۆمانتیسته‌کان بوو که له ژولیه‌ن سۆرێلدا ده‌بیندرێ .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به‌و مانایه نییه که که‌سایه‌تی سۆرێل ته‌واو که‌سایه‌تییه‌کی رۆمانتیکه ، نا ؛ هه‌ر وه‌ک پێشتر باسم کرد هه‌م لایه‌نی عه‌قڵ باوه‌ڕی و هه‌م لایه‌نی رۆمانتیسم له رۆمانه‌که‌شدا و له ژولیه‌ن سۆرێلیشدا ده‌بینرێن و ده‌توانین بڵێین رێئالیسم و رۆمانتیسم له‌و رۆمانه‌دا به یه‌ک گه‌یشتوون و ستاندال له‌و باره‌وه کارێکی گه‌وره‌ی کردووه .
له باری تێکنیکی داستانییه‌وه سوور و ڕه‌ش له چه‌ند لاوه جێگای سه‌رنجه : شێوازی نووسین که بریتی بوو له نواندنی شته‌کان وه‌ک خۆیان(واقع نوێنی) . ستاندال له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که به بێ ڕازاندنه‌وه شته‌کانمان نیشان ده‌دا ؛ تا ڕاده‌ی شیکاریی(تحلیل) به دروونی که‌سایه‌تییه‌کاندا ڕۆ ده‌چێ . خاڵی جێگای سه‌رنج ئه‌وه‌یه که له‌و نواندن و ڕۆ چوونه‌دا ستاندال هه‌موو لایه‌نه تاریکه‌کانی که‌سایه‌تییه‌کانی ڕوون ناکاته‌وه . زۆر شت له بوولێڵ(سایه روشن)دا ده‌هێڵێته‌وه. بۆیه که‌سایه‌تییه‌کانی که‌سایه‌تییه‌کی ساکار نامێننه‌وه . ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ، دواتر له که‌سایه‌تییه پرۆبلاماتیکه‌کانی وه‌ک راسکۆلنیکۆفی داستایوفسکی و مۆرسۆی کامۆدا زیاتر گه‌شه ده‌کا .
داڕشتنی که‌سایه‌تی پرۆبلاماتیک بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه کارێکی زۆر گه‌وره‌یه و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تییه له داستاندا . هه‌ڵبه‌ت ستاندال وه‌ک رۆمان نووسێکی وریا هه‌ستی به‌وه کردبوو که به گۆڕینی هه‌موو بنه‌ماکانی جیهان ورده ورده مرۆڤی کێشه‌دار و پرۆبلاماتیک به‌دی هاتووه که ده‌روونی پڕه له پارادۆکس وپێچه‌ڵاوپێچی . هه‌ر بۆیه رۆمان یه‌کسانی و ساکاری و یه‌کیه‌تی(وه‌حده‌ت)ی سه‌رده‌می کلاسیسیزمی نه‌ما و به‌و پێیه‌ش که‌سایه‌تییه‌کان ئه‌و که‌سایه‌تییه ساکار و یه‌ک لایه‌نه‌ی سه‌رده‌می کلاسیسیزم نه‌بوون .

عومه‌رخزرنژاد :
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ که ستاندال زانیارییه‌کی زۆر به‌ربڵاو و له هه‌مان کاتیش‌دا قووڵی له باره‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌وده‌می فه‌ڕانسه و ئوروپاوه هه‌بووه . رۆمانه‌که له به‌ستێنێکی مێژوویی سیاسی و فه‌رهه‌نگی تایبه‌تدا شکڵ ده‌گرێ . بۆ نموونه له باری مێژووییه‌وه باسی شه‌ڕه‌کانی 1804 و 1816 ده‌کا . یان به ئاشکرا ئه‌وه ده‌بیندرێ که نمووده و ئولگووی ژولیه‌ن سۆرێل ناپلئۆنه . یان زانیاری زۆری سه‌باره‌ت به شه‌ڕی نێوان حیزبه سیاسییه‌کانی ئه‌وده‌م وه‌کوو ژاکووبێنه‌کان و حیزبه ڕادیکاڵه‌کان تێدایه . یان زانیاریی زۆری له باره‌ی په‌ره‌وه‌رده و ڕاهێنانه‌وه تێدایه ؛ وه‌کوو ئه‌وه‌ی که ئاماژه به‌وه ده‌کا که ئه‌وده‌م بۆ په‌روه‌رده و سیستمی ڕاهێنان ته‌نیا کوڕان ده‌بوو له‌و سیسته‌مه به‌هره‌مه‌ند بن وکچان ده‌بوو فێرکاری تایبه‌تییان بۆ بگرتبایان . ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له سه‌ره‌تاوه هه‌تا کۆتایی رۆمانه‌که ته‌نیا باسی چینی ئه‌شراف ده‌کرێ ؛ زۆر به وردی هه‌ڵسوکه‌وت و داب و نه‌ریتی ئه‌و چینه باس کراوه و ژولیه‌ن سۆرێل زۆر ڕه‌ش بینانه ته‌ماشای ئه‌و چینه ده‌کا . پێچه‌ڵاوپێچی و دژوازییه‌کی که له ده‌روونی ژولیه‌ن سۆرێلدا ده‌بینرێ ئاوێنه‌ی مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه . سۆرێل کاتێک ره‌فیقه‌که‌ی پێشنیاری ئه‌وه‌ی پێ ده‌دا که بچن دار بکڕن و بیفرۆشنه‌وه قه‌بوڵی ناکا ته‌نیا له‌به‌رخاتری کلیسا و خودا ... به‌ڵام هه‌ر ئه‌و سۆرێله که‌سێکه که به هیچ جۆرێک پابه‌ندی ئه‌خلاق نییه ، کچێکی جوان یان ژنێکی جوان ببینێ هه‌موو بابه‌ته ئه‌خلاقییه‌کانی له بیر ده‌چێته‌وه . لایه‌نێکی دیکه‌ی رۆمانه‌که هه‌بوونی دژایه‌تی چینه‌کان پێکه‌وه‌یه که به ڕوونی و به‌رچاوی کێشه و شه‌ڕی چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نیشان دراون . که‌سایه‌تی سۆرێل که‌سایه‌تییه‌کی چه‌ند لایه‌نه که وه‌ک سه‌یدقادر باسی کرد کاره‌کانی پێشبینی ناکرێن ؛ که‌سایه‌تییه‌که که بۆ سه‌قامگیر بوون له چینی سه‌رێی کۆمه‌ڵگادا ده‌سته‌وداوێنی هه‌موو فێڵ و ته‌ڵه‌که و درۆ و ده‌له‌سه‌یه‌ک ده‌بێ . ژولین سورێل که‌سێکه که وێڕای ئه‌وه‌ی له ماڵی خۆیان زۆر فه‌قیرحاڵ و گێژۆکه بووه کاتێک ده‌چێته ماڵی خانمی دۆرێنال به شێوه‌یه‌کی ڕیاکارانه ده‌یهه‌وێ خۆی له گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه تازه‌یه ڕێك بخا. به بۆچوونی من سۆرێل که‌سێکه که به فێڵ و ڕیا و خۆگۆڕین ده‌یهه‌وێ ئه‌وه نێشان بدا که ئه‌ویش که‌سێکی سه‌ر به چینی سه‌رێی کۆمه‌ڵگایه ؛ بۆیه زۆرتر وه‌ک دوو ڕوویه‌ک دێته پێش چاو ؛ کاتێک رۆمانه‌که به له دار دانی سۆرێل ته‌واو ده‌بێ ، خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌کا که ئه‌و له دار دانه جۆرێک خۆکوژییه ...
جه‌ماڵ خوسره‌وی :
کاک عومه‌ر زۆر ئه‌خلاقی باسی رۆمانه‌که‌ی کرد و زیاتر خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئه‌خلاقی هه‌بوو ؛ ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وه قه‌بوڵ بکه‌ین که مۆدێرنیته بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و پێچه‌ڵاوپێچی و دژوازییانه له ده‌روونی که‌سایه‌تییه‌کاندا به‌دی بێن ، ئیدی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی و هێنانه گۆڕی بابه‌تی وه‌ک دووڕوویی و درۆ و هه‌موو بابه‌ته ئه‌خلاقییه‌کان مانایه‌کیان نامێنێ .
عومه‌رخرنژاد:
هه‌ڵبه‌ت من نه‌مویست ئه‌خلاقییانه و به پێوانه ئه‌خلاقییه‌کان ته‌ماشای رۆمانه‌که بکه‌م ؛ مه‌به‌ستیشم له دووڕوویی و درۆ وفێڵ و ئه‌وانه ئه‌وه بوو که پێشان بده‌م که ئه‌و که‌سایه‌تییه که‌سایه‌تییه‌کی چه‌ند لایه‌ن و دژوازه .
جه‌ماڵ خوسره‌وی :
پێموایه چاوخشاندنێک به زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی فه‌ڕانسه‌دا بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه زۆر پێویسته . ساڵی 1789 شۆڕشی فه‌ڕانسه ڕووی داوه که شوێنی زۆر بنه‌ڕه‌تیی له سه‌ر مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه دانا . هه‌ڵبه‌ت پێشتریش شۆڕشی سه‌نعه‌تی له ئینگلیستان ڕووی دابوو . ئه‌و شوێنه‌ی شۆڕشی سه‌نعه‌تی له سه‌ر ئوروپا و به تایبه‌ت له سه‌ر فه‌ڕانسه‌ی دانا له ساڵی 1803 بۆ ئێره‌وه بوو . وه‌ک دامه‌زرانی هێڵی ئاسن که مه‌فهوومی تایم(وه‌خت/زه‌مان)ی به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو(عه‌ینی) هێنا ئاراوه به‌و مانایه که خێرایی له ژیاندا بووبه پێداویستییه‌کی گرینگ و هه‌روه‌ها هێڵی ئاسن په‌یوه‌ندیی له گه‌ڵ وڵاته‌کانی دیکه‌ی له بنه‌ڕتدا گۆڕی و به شێوه‌یه‌کی نوێتر و خێراتر په‌یوه‌ندیی هێنا ئاراوه .
شۆڕشی سه‌نعه‌تی بووه هۆی خوش کردنی زه‌مینه بۆ شۆڕشی فه‌ڕانسه . دوای شۆڕشی 1789 چه‌ند مه‌فهوومێک له لایه‌ن فیلسووف و کۆمه‌ڵناسه‌کانه‌وه هاتنه گۆڕێ .
یه‌کێک له‌و بابه‌تانه که له هه‌موویان گرینگتر بوو جیاوازییه‌ک بوو که به‌ره‌به‌ره ده‌که‌وته نێوان ئاریستۆکراته‌کان و دێمۆکراته‌کان . کۆمه‌ڵگای ئاریستۆکراتیک ده‌ڵێ که ئه‌و پێناس و(هوییه‌ت)ه‌ی که تاکه‌کان هه‌یانه ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر ئه‌و چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که له‌وێوه هاتوون که‌وابوو ئیمکانی ئه‌وه نییه که ئاڵ وگۆڕ به سه‌ر که‌سه‌کانی کۆمه‌ڵدا بێ ، چونکه چین(طبقه) پێناسی کۆمه‌ڵایه‌تییه و هه‌موو شتێک بۆ تاک دیاری ده‌کا .
به‌ڵام دوای شۆڕشی فه‌ڕانسه و گۆڕانێکی که به‌دی هات مه‌فهوومی به‌رابه‌ری ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا هات ؛ یانی له کۆمه‌ڵگای دێمۆکرات‌دا ئیمکانی ئه‌وه هه‌یه که تاکه‌کان بتوانن له چینێکه‌وه بچنه چینێکی د‌یکه و ئاڵ وگۆڕ به سه‌ر پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێناسیاندا بێ ، ئه‌وه‌ش یانی تاکه‌کان به‌رابه‌رترن .
دوای ئه‌وه‌ی که چینی بورژوا به‌دی هات کێشه‌یه‌ک له نێوان چینی ئه‌شراف و پرۆلتاریایه‌ک که هێشتا چالاک نه‌ببوو به‌دی هات ؛ به‌جۆرێک که که‌لێن که‌وته نێوان ئه‌و دوو چینه‌وه و ورده ورده پرۆلتاریا به‌دی هات . چونکه چه‌مکی پرۆلتاریا تا ساڵی 1848 که مارکس هێنایه ئاراوه نه‌بوو؛ ته‌نانه‌ت کاپیتال له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه باسی لێ کرا .
دوای شۆڕشی فه‌ڕانسه له خودی فه‌ڕانسه له 1820دا یانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ستاندێل کردوویه‌ته زه‌مینه و به‌ستێنی رۆمانه‌که‌ی دوو شت ده‌نگیان داوه و ئاژاوه‌یان له سه‌ر ساز بوو: یه‌کیان سیاسه‌ت و ئه‌وی دیکه‌یان ئیدئۆلۆژی بوو. له جێگایه‌ک له رۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێ له 1816 بۆ ئێره‌وه ئیدی بوێری وئازایه‌تی نه‌ماوه .
له ساڵی 1820 له فه‌ڕانسه کێشه‌یه‌کی گه‌وه‌ره له نێوان لیبراله‌کان و سه‌ڵته‌نه‌ت خوازه‌کاندا هه‌بوو . سه‌ڵته‌نه‌ت خوازه‌کان پێیان وابوو که ئه‌وان ده‌بێ ئه‌و بابه‌ته ئه‌شرافییانه‌ی ڕابردوو که شۆڕشی فه‌ڕانسه له ناوی بردبوون، زیندووی بکه‌نه‌وه ؛ وه‌کوو باسی پیشه و شوغڵ . ئه‌وان پێیان وابوو که هه‌ر که‌س سه‌ر به هه‌ر چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێ ده‌بێ ئه‌و پیشه وشوغڵانه ڕه‌چاو بکا که بۆ چینه‌که‌ی دیاری کراوه . به‌ڵام لیبراله‌کان پێیان وابوو که هه‌ر که‌س به ده‌ر له‌وه‌ی که سه‌ر به چ چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌توانێ پیشه و شوغڵی خۆی هه‌ڵبژێرێ . لیبراله‌کان پێداگرییان له سه‌ر تاک باوه‌ڕییه‌ک ده‌کرد که زۆری گوێ به قه‌تیس بوون له چین و پێگه‌ی کۆمه‌ڵاتیدا نه‌ده‌دا . ئه‌و کێشه و دژایه‌تییانه که له واقعی کۆمه‌ڵگای ئه‌و ده‌می فه‌ڕانسه‌دا هه‌بوو زۆر به ئاشکرایی له رۆمانی سوور و ڕه‌شدا ڕه‌نگی داه‌وته‌وه ؛ به تایبه‌ت له په‌یوه‌ندیی نێوان ژولیه‌ن سۆرێل و چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئه‌و کێشه‌یه ده‌بینرێ .
ئه‌گه‌ر ئێمه له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا خۆمان له شیکاریی(تحلیل) ئه‌خلاقی بپارێزین ؛ ده‌توانین بڵێین جودا له‌وه‌ی که دژوازیی که‌سایه‌تی مۆدێرن له که‌سایه‌تییه‌کانی رۆمانه‌که‌دا ده‌بینرێ به تایبه‌ت له ژولیه‌ندا، به جۆرێک نیشانده‌ری که‌سایه‌تی پرۆبلاماتیکیشه که لووکاچ باسی ده‌کا . ئه‌گه‌ر ئێمه دنیای حیماسه له گه‌ڵ دنیای رۆمان به‌روارد بکه‌ین ئه‌وه باشتر ده‌رده‌که‌وێ . دنیای حیماسه دنیایه‌کی ته‌واو یه‌کسان و ڕوونه ؛ قاره‌مانی ئه‌و دنیایه کۆمه‌ڵ(اجتماع)ه ، هه‌روه‌ها هیچ دووبه‌ره‌کی و جیاوازییه‌ک له نێوان قاره‌مان و دنیای ده‌ره‌وه‌دا نییه ؛ به‌ڵام له رۆمان‌دا بۆ یه‌که‌م جار ده‌بینین که ئه‌و جیاوازیی و دووبه‌ره‌کییه‌ی(دوگانگی) نێوان کۆمه‌ڵ و قاره‌مان نیشان ده‌درێ ؛ یانی رۆمان فۆرمێکه که توانایی نیشان دانی ئه‌و جیاوازیی ودووبه‌ره‌کییه‌ی هه‌یه . به‌و پێیه ژولیه‌ن که‌سایه‌تییه‌کی ته‌واو پرۆبلاماتیکه ؛ که‌سایه‌تییه‌ک که به دووی بایه‌خه (که‌یفی)یه‌کانه‌وه‌یه ؛ یان به وته‌ی مارکس به دووی بایه‌خی (مه‌سره‌ف)ه‌وه‌یه . کاتێک ناتوانێ ئه‌و بایه‌خانه له واقعیه‌تدا به ده‌ست بێنێ مه‌جبوور دێته‌وه نێو زه‌ینی خۆی . که‌وابوو ده‌توانین بڵێین ژولیه‌ن له ده‌روونی واقعیه‌تێکی به فێڕۆ چوودا به دووی ئه‌و بایه‌خانه‌وه‌یه که ناشتوانێ به ده‌ستیان بێنێ . من ئه‌و دوو به‌ره‌کییه(دوگانگی) ، له هه‌مووی رۆمانه‌که‌دا ده‌بینم ؛ مه‌به‌ستم دووبه‌ره‌کییه‌که که سۆرێل له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و واقعیه‌ت ( وه‌ک ئه‌شراف و چینه‌کانی سه‌رێ) هه‌یه‌تی .
سه‌یدقادرهیدایه‌تی :
ئارنۆڵد هاوزێر له کتێبی زۆر گرینگ و به‌نرخی " مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی هونه‌ر"دا ده‌ڵێ له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له لایه‌ن که‌سانێکی وه‌ک باڵزاک و ستاندال دیارده‌یه‌ک سه‌ری هه‌ڵدا به نێوی رۆمانی کۆمه‌ڵایه‌تی . رۆمانی کۆمه‌ڵایه‌تی به رۆمانێک ده‌کوترێ که ئاکار و ڕه‌فتاری که‌سایه‌تی له زه‌مینه و به‌ستێنی ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگا جودا نه‌کرێته‌وه . پێش ئه‌وان رۆمانی وا نووسراون که له به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تییدا ڕوو بده‌ن به‌ڵام ستاندال وباڵزاک به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی سه‌رنجیان ده‌نیشێته سه‌ربناغه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان . ئارنۆڵد هاوزێر ده‌ڵێ ستاندال زۆرتر سه‌رنجی ده‌نیشێته سه‌ر سیسته‌می سیاسی . یانی ستاندال پێی وایه که (ساختار)ه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌ر بنچینه‌ی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت دامه‌زراون ؛ هه‌ر بۆیه گۆڕانی سیسته‌می سیاسی شوێنێکی زۆر بنه‌ڕه‌تی له سه‌ر کۆمه‌ڵگا داده‌نێ . به‌ڵام باڵزاک پێی وابوو که ساختاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌ر بنچینه‌ی پووڵ و ئابووری داده‌مه‌زرێن .
ستاندال له سه‌ره‌تادا نزیکه‌ی ده لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخان کردووه بۆ ته‌وسیفی شاره‌دێی "وێریێر" ؛ ئه‌گه‌ر له بیرم مابێ پێموابێ بۆرخێس له تووێژێکدا ده‌ڵی نووسه‌ران بۆ فێر بوونی چۆنیه‌تی ته‌وسیف کردنی شوێن و داڕشتنی فه‌زا بچن ده لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای "سوور و ڕه‌ش" بخوێننه‌وه ؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌م تێبینییه زۆرتر ئاماژه به تایبه‌تمه‌ندیی داستانی ده‌کا . به‌ڵام ستاندال بۆ نیشان دانی ئه‌وه‌ی که که‌سایه‌تییه‌که‌ی له کوێوه هاتووه و قه‌راره بچێته کوێ ، به گشتی شوێن وفه‌زای ئه‌و سه‌رده‌مه له باری کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابووری ،فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌وه بۆئێمه وێنا ده‌کا .
ئایرۆنگ هاو له کتێبێک‌دا به نێوی " سیاسه‌ت ورۆمان" که ته‌نیا وتارێک له‌و کتێبه کراوه‌ته فارسی و له گۆڤاری(ارغنون) دا به نێوی "ستاندال: سیاسه‌تی مانه‌وه" بڵاو کراوه‌ته‌وه ده‌ڵێ: هه‌رچه‌ند سیاسه‌ت به ڕواڵه‌ت له نێو رۆمانی سوور و ڕه‌شدا نابینرێ به‌ڵام ئێمه (حوزور)ی سیاسه‌ت له سه‌رله‌به‌ری رۆمانه‌کدا هه‌ست پێ ده‌که‌ین ؛ به‌و مانایه که له هه‌ر کوێیه‌ک سیاسه‌ت بتارێ و بشاردرێته‌وه سیاسه‌ت له کۆمه‌ڵگادا به شێوه‌ی د‌یکه خۆی ده‌گۆڕی و به شێوه‌ی مه‌قام په‌رستی ، ڕق و درۆ دێته‌وه مه‌یدان ؛ له که‌سایه‌تی سۆرێلدا ئه‌وانه ده‌بینرێ . ئایرونگ هاو هه‌ر له‌و وتاره‌دا ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ی پێیانوایه که داوێنیان به سیاسه‌ت پیس ده‌بێ بچن جارێک رۆمانی سوور و ڕه‌ش بخوێننه‌وه تاکوو بزانن که به هۆی نه‌بوونی سیاسه‌ته‌وه کۆمه‌ڵگا تووشی چ نه‌خۆشی گه‌لێکی پیس دێ ! سیاسه‌تی سه‌رکوت کراو له سۆرێلدا به شێوه‌ی بیزاریی چینایه‌تی خۆی نیشان ده‌دا . هه‌ر بۆیه سۆرێل نوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و لاوانه‌ی فه‌ڕانسه‌یه که له چینی خوارێی کۆمه‌ڵگاوه هه‌ڵده‌ستان ، درێژه‌یان به خوێندن ده‌دا و له گه‌ڵ چینی خۆیان مه‌ودایان ده‌گرت ؛ وه‌ک هاوزێر ده‌ڵی وایان لێ ده‌هات که نه سه‌ر به چینی خۆیان ده‌مانه‌وه و نه به ته‌واوه‌تی تێکه‌ڵ به چینی سه‌رێی کۆمه‌ڵگا ده‌بوون؛ وه‌ک کاک جه‌ماڵ باسی کرد سۆرێل تووشی دووبه‌ره‌کییه‌ک(دوگانگی) ده‌بێ به جۆرێک که ئه‌وه‌ی له زه‌ینیدایه له گه‌ڵ واقعیه‌تی کۆمه‌ڵگا یه‌ک ناگرنه‌وه و جیاوازیان پێکه‌وه هه‌یه ...
ڕه‌حیم عه‌بدولڕه‌حیم زاده :
به بۆچوونی من رۆمانی "سوور و ڕه‌ش" فه‌زای ئه‌ده‌بیاتی رۆمانتیستی گرێ ده‌دا به ئه‌ده‌بیاتی رێئالیستییه‌وه ؛ یانی پردێکه له نێوان ئه‌دبیاتی رۆمانتیستی و ئه‌ده‌بیاتی رێئالیستی .
رۆمانی سوور وڕه‌ش له گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی باڵزاک سه‌ره‌تای دره‌وشانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی شێوازێکی تازه‌ی رێئالیسمن .
رۆمانی سوور و ڕه‌ش به‌پێی نمووده (الگو)یه‌کی ناسراو نووسراوه ،که ئه‌و جۆره رۆمانه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا زۆر باو بوو. ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه به‌رچاوترین نموونه رۆمانی "ئاره‌زووه به فیڕۆچوووه‌کان"ی باڵزاکه که له تێم و ناوه‌رۆکدا زۆر له "سوور وڕه‌ش" نزیکه . له هه‌ردووکیاندا که‌سێک له چینی خواریێ کۆمه‌ڵگادا به خوێندن و خۆبه‌رزکردنه‌وه و مه‌ودا گرتن له چینی خوارێ ده‌چنه نێو چینی سه‌رێی کۆمه‌ڵگا و له هه‌ر دووکیاندا ئه‌و جۆره که‌سایه‌تییانه پیسی و نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چینی سه‌رێ ئاوقایان ده‌بێ و گیرۆده ده‌بن و له ئاکامدا شکه‌ست ده‌خۆن . له "ئاره‌زووه به فیڕۆ چووه‌کان"دا واقعیه‌ته بێ ڕه‌حمه‌کانی رێئالیستی زیاتر به‌رچاون به‌ڵام له سوور ره‌شدا وێرای ئه‌وه‌ی که ئه‌و واقعیه‌ته بێ ڕه‌حمانه وجوودیان هه‌یه جۆرێک فه‌زای رۆمانتیستی و ئاشقانه و ئێحساسیش ده‌بینرێ . ئه‌و دوو فه‌زایه یانی هه‌بوونی واقعیه‌تی بێ ڕه‌حمانه و فه‌زایه‌کی رۆمانتیستی له درێژایی رۆمانه‌که‌دا ده‌بینرێن و به شێوه‌یه‌کی هاو ته‌ریب ئه‌و دوو بابه‌ته پێکه‌وه ده‌چنه پێش .
ئه‌وین له‌م رۆمانه‌دا رۆڵ و ده‌ورێکی زۆر گرینگ ده‌گێڕێ و بۆته ته‌وه‌رێک که رۆمانه‌که‌ی به ده‌وردا ده‌خولێته‌وه . ئێمه له سه‌رجه‌می کتێبه‌که‌دا له گه‌ڵ دوو جۆر ئه‌وین به‌ره‌و ڕووین : یه‌کیان له به‌رگی هه‌وه‌ڵدا بریتییه له عیشقی سۆرێل و خانمی دۆرێنال که ته‌واو ئه‌وینێکی شارۆچکه‌یانه‌یه ؛هه‌ڵبه‌ت به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ڕانسه . په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌ویندارانه که له‌م به‌شه‌دا هه‌یه په‌یوه‌ندییه‌کی ساکار و ساده‌یه ؛په‌یوه‌ندییه‌کی پێچه‌ڵاوپێچ نییه . ژولیه‌ن زیاتر له ڕووی مه‌قام په‌رستی و خۆبه‌زل زانییه‌کی که هه‌یه‌تی ئۆگری خانمی دۆرێنال ده‌بێ، له‌و به‌ره‌وه خانمی دۆرێنال له ڕووی خۆشه‌ویستییه‌کی ساکاری شارۆچکه‌یانه که له ناخیدا هه‌یه عاشقی ژولیه‌ن ده‌بێ ؛ به‌شێکی زۆر له به‌رگی یه‌که‌می رۆمانه‌که ته‌رخان کراوه بۆ به‌سه‌رهاتی ئه‌وینی ژولیه‌ن و دۆرێنال .
له به‌رگی دووهه‌مدا ئێمه جۆرێکی دیکه‌ی ئه‌وین ده‌بینین که زۆرتر به عیشقی پاریسی ناسراوه و سووژه‌ی زۆرێک له نووسه‌رانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی فه‌ڕانسه بووه . عیشقی پاریسی به جۆرێک عیشق ده‌گوترێ که په‌یوه‌ندی زۆر پێچه‌ڵاوپێچ و زه‌ریف و له هه‌مان کاتدا سه‌یر وسه‌مه‌ره له نێوان دوو دڵداردا به دی دێنێ به جۆرێک که خوێنه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی تووشی جۆرێک بێزاری و ڕق ده‌بێ .
به ڕای من ستاندال به هۆی ئه‌و دوو جۆره ئه‌وینه‌وه گۆڕانی که‌سایه‌تییه‌که‌ی له که‌سێکی مه‌قام په‌ره‌ستی شارۆچکه نیشینه‌وه بۆ که‌سێکی که فێری ئه‌وین و په‌وه‌ندیی زۆر هه‌ستیار و ناسکی پاریسی ده‌بێ زۆر جوان نیشان داوه و ڕه‌وتی رۆمانه‌که‌ش هه‌ر به‌و پێیه و به هۆی ئه‌و دوو ئه‌وینه‌وه ده‌ڕواته پێشێ . ستاندال ئه‌و دوو ئه‌وینه‌ی کردۆته که‌رسته‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی پردێک له نێوان ئه‌ده‌بیاتی رۆمانتیستی و رێئالیستیدا ساز بکا .
هه‌ر وه‌ک دۆستان ئاماژه‌یان کرد له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا فه‌ڕانسه بزووتنه‌وه و شۆڕش و گۆڕانکاریی زۆریی به خۆوه دیت ؛ ده‌بینین ده‌وره‌یه‌ک ژاکوبێنه‌کان له سه‌ر کار بوون و ده‌وره‌یه‌کی د‌یکه ناپێلئۆن دێ ودواتر دیسان سه‌ڵته‌نه‌ت خوازه‌کان دێنه‌وه سه‌رکار و... هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه ده‌بینین که شێواز و ستایله ئه‌ده‌بی وفکرییه‌کانیش به‌رده‌وام له ئاڵ وگۆڕ دان و هه‌رکام له تاقم وده‌سته ئه‌ده‌بی وهونه‌رییه‌کان به جۆرێک پشتگیریی له یه‌کێک له قوتابخانه و بزووتنه‌وه ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌که‌ن . ستاندال له‌م رۆمانه‌دا توانیویه‌تی له نێوان ئه‌و دوو فه‌زا جیاواز و له واقعدا دژ به‌یه‌که‌دا په‌یوه‌ندی ساز بکا که به نه‌زه‌ری من یه‌کێک له هۆی شاکار بوون و به هێز بوونی رۆمانی سوور و ڕه‌ش هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه .
پێموایه یه‌کێک له کلیله‌کانی شیکردنه‌وه یان باشتره بگوترێ سه‌ره‌کی ترین ئامراز بۆ ڕۆ چوون به ناخی رۆمانه‌که‌دا نێوی رۆمانکه‌یه :"سوور و ڕه‌ش" . تا ئێستا لێکدانه‌وه زۆریان بۆ ئه‌و نێوه کردووه . هه‌رچه‌ند به وته‌ی مێژووی ئه‌ده‌بیات نووسان دانانی نێو ، به پێی ڕه‌نگه‌کان یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی نۆزده بووه ؛ یانی باو بووه که زۆرێک له نووسه‌ران داستان ورۆمانه‌کانیان ، نێوی ڕه‌نگیان له سه‌ر دانێن . به‌ڵام له نێو ئه‌و هه‌مووه ڕه‌نگاوڕه‌نگییه‌دا ته‌نیا ڕه‌نگی "سوور و ڕه‌ش" توانی بمێنێته‌وه و ببێته شاکار . وه‌ک کوتم ته‌فسیری جۆراوجۆریان بۆ ئه‌و نێوه کردووه به‌ڵام من له نێو هه‌موو ته‌فسیره‌کاندا له گه‌ڵ ئه‌و ته‌فسیره‌دا هه‌م که له رۆمانه‌که‌شدا ئاماژه‌ی پێ کراوه . له‌و بارودۆخه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا دوو باس ببوونه باسی سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگای فه‌ڕانسه : باسی نیزامی بوون و مه‌زهه‌بی بوون . مه‌زهه‌ب له‌و سه‌رده‌مه ئاڵۆزه‌دا ده‌ورێکی گرینگی ده‌گێڕا ، قه‌بووڵی مه‌زهه‌ب له ڕاستیدا به مانی قه‌بووڵی سه‌ڵته‌نه‌ت بوو . چونکه سه‌ڵته‌نه‌ت و مه‌زهه‌ب (لانی که‌م مه‌زهه‌بی کاتۆلیک) له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێکه‌وه گرێیان خواردبوو؛ هه‌ر بۆیه نییه کردن له سه‌ڵته‌نه‌ت ، نییه کردن له مه‌زهه‌بیش بوو . به‌و پێیه سه‌ڵته‌نه‌ت خوازه‌کان پشتگیری‌یان له مه‌زهه‌ب ده‌کرد و ئازادیخوازه‌کانی ئه‌و ده‌م هه‌وڵیان ده‌دا سه‌ڵته‌نه‌ت و مه‌زهه‌ب بتارێنن .
ڕه‌نگی ڕه‌ش هێمای مه‌زهه‌ب و کلیسا بوو و سوور هێما بوو بۆ چینی نیزامی . له سه‌رله‌به‌ری رۆمانه‌که‌دا شه‌ڕی ئه‌و دو‌وانه پێکه‌وه ده‌بینرێ و هه‌ر دووکیشیان له ده‌روونی ژولیه‌ن سۆرێلدا ده‌بینرێن . ژولیه‌ن ڕه‌شپۆشێکه که له ناخی خۆیدا سوورپۆشه ؛ یانی کێشیشێکه که عیشقی ناپێلئۆن بوون (عیشقی ئه‌وه‌ی سوور پۆش بێ) ،ئه‌وی هان داوه تاکوو بچێته نێو ئه‌و کێشه‌یه‌وه . ئه‌و ده‌یهه‌وێ به بۆنه‌ی کێشیش بوونه‌وه ببێته ناپێلئۆن . بۆ خۆی ده‌ڵێ که من رۆحی زه‌مانم ده‌رک کردووه و ده‌زانم ئێستا چی پێویسته ، ئه‌لان من ناتوانم له ڕێگای نیزامییه‌وه کارێک بکه‌م ؛ من ده‌بمه ناپێلئۆن به‌ڵام له ڕیگای کێشیشییه‌وه . هه‌ر چه‌ند له ڕووکاردا و به ڕواڵه‌ت ڕه‌نگی ڕه‌ش زاڵه به‌ڵام له ژێرده‌قی رۆمانه‌که و له ناخدا ڕه‌نگی سوور زاڵه . چونکه هه‌م قاره‌مانی تاقانه‌ی ژولیه‌ن و هه‌م نمووده و (الگو) ژیانی ستاندال ،ناپێلئۆنه . هه‌ر وه‌ها له زۆر جێگا لایه‌نگریی ڕاسته‌وخۆی نووسه‌ر و که‌سایه‌تییه‌که‌ی ، له ناپێلئۆن ده‌بینین . راسته ژولیه‌ن سۆرێل عه‌بای ڕه‌شی کێشیشی به سه‌رشاندا ده‌دا به‌ڵام له ده‌روندا سوورپۆشه ؛ ئه‌م دژایه‌تی و پارادۆکسه رۆمانه‌که‌ی زۆر به هێز کردووه .
دره‌وشاوه‌ترین لایه‌نی داستان نووسیی ئه‌م رۆمانه داڕشتنی که‌سایه‌تییه . که‌سایه‌تی ژولیه‌ن هه‌ر وه‌ک ئاماژه کرا که‌سایه‌تییه‌کی پێچه‌ڵاوپێچ ودژوازه . ستاندال توانیویه‌تی زۆر به شێوه‌یه‌کی زیندوو ئه‌و که‌سایه‌تییه داڕێژێ .به بڕوای من رێئالیستی ترین لایه‌نی رۆمانه‌که داڕشتنی که‌سایه‌تییه . یانی ئێمه له گه‌ڵ که‌سایه‌تی وا به‌ره‌و ڕووین که ڕه‌فتار وئاکاره‌کانیان پێشبینی ناکرێن و به گشتی ناسینیان بۆ ئێمه زۆر دژواره . یانی هه‌تا کۆتایی رۆمانه‌که ئێمه وێنه‌یه‌ک که ته‌واو که‌سایه‌تی ژولیه‌ن بنوێنێ نابینین ؛ وێنه‌ی که‌سایه‌تی له پێش چاوی خوێنه‌ر وێنه‌یه‌کی نه‌گۆڕ نییه ؛ یانی جاری وایه ئێمه ژولیه‌نمان خۆش ده‌وێ وله گه‌ڵی هاوڕی و هاو ده‌ردین جاری واشه زۆر لێی بێزار ده‌بین و ڕقمان لێیه‌تی . ستاندال به‌رده‌وام به‌رده‌نگه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی ژولیه‌ن له حاڵه‌تێکی هه‌ڵواسراو و به‌ینابه‌یندا ده‌هێڵێته‌وه .
له داڕشتنی که‌سایه‌تیدا ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی منی ڕاکێشا داڕشتنی که‌سایه‌تی ژنه‌کان بوو . چونکه خوڵقاندن وداڕشتنی که‌سایه‌تی ژن بۆ نووسه‌ری پیاو سه‌ختی ودژواریی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و شایه‌د نووسه‌رانی پیاو هه‌رچه‌ند زۆر لێهاتووش بن دیسان هه‌ر نه‌توانن هه‌موو ورده‌کارییه‌کان وپێچه‌ڵاوپێچییه‌کانی ده‌روونی ژنێک نیشان بده‌ن . به‌ڵام ستاندال توانیویه‌تی دوو که‌سایه‌تی ژن به دوو تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازه‌وه بخوڵقێنێ که چه‌نده که‌سایه‌تی ژولیه‌ن زیندووه به هه‌مان شێوه که‌سایه‌تیی دۆرێنال وماتیلدیش زیندوون .ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تییه لاوه‌کییه‌کانیش زۆر لێهاتووانه داڕژاون و که‌سایه‌تییه ژنه لاوه‌کییه‌کان له که‌سایه‌تییه پیاوه لاوه‌کییه‌کان زیندووترن ....